دیندار زێباری، سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوون ووەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، حكومەتی عیراقی بە كەمتەرخەم لەبارەی پرسی یارمەتیدانی ئاوارەكان لەقەڵەمدا وئاماژەی بەوەدا بەهیچ شێوەیەك بەرپرسیارێتی خۆی لەمبارەیەوە نەبینیوە بەڵكو هیچ حیسابێكی هاوڵاتیبوونیان بۆ ناكات.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كه لەبارەی راپۆرتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان ئەنجامیدا، دیندار زێباری تیشكی خستە سەر پرسی ئاوارە وپەنابەرانی ناو هەرێمی كوردستان وماف وئەركی كرێكارانی ناوخۆیی وبیانی وپرسی پەروەردە لەكوردستان وچەندین بابەتی دیكە.
لەبارەی پەنابەرانی کوردستانی سوریا لە هەرێمی كوردستان، دیندار زێباری وتی ئەمڕۆ ژمارەیان گەیشتۆتە 248203 پەنابەر کە لە نۆ كامپ بەسەر شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوون، جگە لەوانەی لە دەرەوەی كەمپەكان دەژین.
ئەوەشی خستەڕوو كە كەمتەرخەمی حكومەتی عیراق ولایەنی نێودەوڵەتی ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان لەمبارەیەوە زیاتر كردووە، بەتایبەتی كە ئێستا هەرێم لەبارودۆخێكی دارایی سەختدایە.
ئاماژەی بەوەشدا، نەتەوە یەكگرتووەكانیش نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیەی بۆ كۆمەككردنی ئاوارەكان پێویست بوو، دابین بكات. تا ئێستا تەنها 19 لەسەدی پێداویستییەكانیان دابینكراوە كە بەچاو ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكانەوە بەشێكی زۆر كەمە لە پابەندبوونی نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو بارگرانییەی كە هەرێمی كوردستان لەسەر شانیەتی.
دیندار زێباری ئاماژەی بەوەدا کە ئەو قەیرانە ئابورییەی هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، بۆوەتە هۆی وەستانی چەندین پرۆژە وچالاكی خزمەتگوزاری وگەیاندنی خزمەت بەم ئاوارانەش بۆتە بارێكی قورس بەسەر حكومەتەوە. راشیگەیاند سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام بووە لە پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتیا .
لە تەوەرێكی دیكەدا، دیندار زێباری لەبارەی بارودۆخی زیندان وگیراوەكانەوە ئاماژەی بەوەدا، دابینكردنی شوێنی حەوانە یەكێك بووە لەو كارانەی كە گرینگی زۆری پێدراوە. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین باڵەخانەی نوێی چاكسازی گەوران لە پارێزگاكانی هەولێر ودهۆك وسلێمانی دروستكراون، باڵەخانەیەكی نوێ بەپێی ستانداردی جیهانی درووستكراوە بۆ بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر.
هاوكات پرسی هەبوونی ئازار وئەشكەنجەدانی گیراوانی لەبەندیخانەكانی هەرێم رەتكردەوە وجەختی لەسەر ئەوە كردەوە کە بەپێی یاسا ورێنمایی تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە دامودەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆ بەهیچ شێوەیەك رێگە نادرێت ئەفسەر وكارمەندانی پۆلیس راگیراوەكان ئەشكەنجە بدەن لەكاتی لێكۆڵینەوە، لەم بوارەوە تا ئێستا چەندین لیژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون پێكهێندراوە. هەروەها ئەو راگیراوانەی لە شەش مانگ زیاتر لە بەشەكانی گرتن و گواستنەوەی پۆلیسی پارێزگاكان راگیراون وپەڕاوەكانیان یەكلایی نەكراوەتەوە، ناوەكانیان بە لیست رەوانەی سەرۆكایەتی دادگاكانی تێهەڵچوونەوەی پارێزگاكان دەكرێت بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانیان.
هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، دیندار زێباری هاتە سەر باسی پرسی دابینكردنی مافی كرێكاران وئاگاداربوون لەڕەوشی ژیانیان ونیشانیدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كار و دەستەبەركردنی كۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لە پارێزگاكان لە ڕێگای 20 لێژنەی پشكنین ڕۆژانە سەردانی پڕۆژەكان دەكات بۆ چاودێری كردنی ڕەوشی كرێكاران و جێبەجێكردنی بەندەكانی تایبەت بە مافی كرێكاران.
هەروەها دووپاتیكردەوە کە ڕێگە نادرێت منداڵی خوار تەمەن 15 ساڵ كاربكات، ئەگەر كاریشیان پێ بكرێت دەبێ ئەو كارە لەگەڵ توانای جەستەیی و هزری ئەو منداڵە بگونجێ، وئاشكرایكرد تا ئێستا چەندین خاوەن كار دراونەتە دادگای كار بەهۆی پابەند نەبوون بە مەرجەكانی كاركردن.
هەر لەبەردەوامی قسەكانیدا ولەبارەی پرسی منداڵ وئافرەتانەوە دیندار زێباری نیشانیدا لە ئاماری سالی 2014، 35 حاڵەتی كوشتن و 47 حاڵەتی خۆكوشتن و 197 حاڵەتی سووتان، و97 حاڵەتی خۆسووتان تۆماركراوە وكۆی گشتی دەكاتە 520 حاڵەت كە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2013 كەمی كردووە.
دهربارهی ڕەوشی پەروەردە، دیندار زێباری وتی وەزارەتی پەروەردە پلانی 10 ساڵی هەیە بۆ درووستكردنی 2000 قوتابخانە. ئاشكراشیكرد پڕۆژەی دابینكردنی سیستەمی ئاوی پاك بۆ 2000 قوتابخانە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردن ولە قوناغەكانی كۆتایی دایە بە گوژمەی نزیكەی نۆ ملیار و600 ملیۆن دینار.
ئەمڕۆ لەدیدارێكی نێوان د.دیندار زێباری جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و بەرێز جۆزێف پێنگتۆن كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی ئاژانسی (USAID) ئەمریكی باس لەرەوشی پەنابەرانی رۆژئاوا لەهەرێمی كوردستان و ئەو هاوكاریانەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆیان پێشكەش كردووە كرا.
شاندی ئاژانسی (USAID) بەسەرۆكایەتی بەرێز ئەندرۆ پلێت بوو سەرۆكی ئەم ئاژانسە لەعیراق و وڵاتانی عەرەبی ، هەروەها USAID)) گەورەترین ئاژانسی حكومەتی ئەمریكایە و لەبواری پێشكەش كردنی هاوكاری و یارمەتی مرۆیی بۆ وڵاتانی هەژار و پەنابەر و ئاوارەكان لەجیهان كار دەكات.
سەرەتای دیدارەكە بەرێز جۆزێف پێنگتۆن كونسوڵگی گشتی ئەمریكا لەهەرێم رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هاوكاریكردنی پەنابەرانی رۆژئاوا بەرزنرخاند .
هەروەها شاندی ئاژانسی (USAID) مەبەستی سەردانەكەیانە بۆ هەرێمی كوردستان خستیەروو و رایگەاند" كە هاتوون بۆ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ ناوچە كوردییەكانی سوریا بەرێگای خاكی هەرێمی كوردستانەوە.
لەلایەن خۆیەوە د.دیندار زێباری سوپاسی ئاژانسی USAID)) ئەمریكی كردو رایگەیاند" حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە بەپێی توانا دەستی هاوكاری و یارمەتی بۆ هەموو گەلانی سوریا و بەتایبەتی گەلی كورد درێژی كردووە و ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی دەربڕی بۆ هەر هاوكاریەك لەبواری گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ كوردانی رۆژئاوا هەروەكو چون پێشتریش بەرێگای فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە كۆمەكی نێودەوڵەتی گەیێندرایە ئەم ناوچانە.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد